{نزاو پاڕانەوەیەکی تەنیایی لەشەوانی ڕەمەزان}

 

خوایە گیان

تۆ من باش دەناسی، من سپڵە وپێ نەزان و تۆ نەناسم.

خوایە گیان

لەم شەوانەی کە کەوڵی بەرفەراونی ڕەحم و بەزەییت بۆ هەموو بوونەوەرێ ڕاخراوە، تەنیا منم کە ڕێگەی چوونە سەر ئەو کەوڵەم لێ شێواوە.

خوایە گیان
منی بچووکی نالایەق سەرم لە هەمووشتێکی ئەم دونیایە دەردەچێت، بەڵام ئەوەی بەرەو لاتۆ پەل کێشم دەکا تێدا وڕو سەرگەردانم.

خوایە گیان

ناڵە و نزای خۆشەویستانی تۆ لەم شەوەدا گوێی زەوی وعاسمانی کەڕ کردووە، ئەوە منی بێ هەواڵ لە ڕاستیەکانم پێ نازانم و نایبیستم.

خوایە گیان

هەموو دەزانین ئەم هەوارگە زۆری بەدەمەوە نەماوە، کەچی لەقەدەر خۆی زیاتر خۆی پێوە ماندوو دەکەین، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەزانکاریەکانی مرۆڤ.

خوایە گیان

هەرچی بوونەوەر جگە لەمرۆڤ سەری کەمایەسی لە بەرانبەر تواناییەکانی تۆدا بەو پەڕی ڕێزەوە دادەنەوێنێ، ئێمەی مرۆڤ لەو کڕنووش و سەر دانەوانەش بێبەهرەین و خۆ بەزل زان.

خوایە گیان

سیپاڵی شڕەی ژیانمان بۆگەنی ڕۆژە ڕێیێ دەڕوات، کەچی خۆمان لە گنخاوی پیسی تێکەوتوومان دوورەوازو تەریکین.

خوایە گیان

تەواوی لەش و لارم هۆگری گەندەڵی و خراپەکارییە، یاساکەی تۆیش ڕۆژێ پێنج کەڕەت مەئموور دەنێرێتە بەردەکەی ماڵم و وڵامی نەرێم داوەتەوە. لێم بووتە کوردەنامووسی و نازانم چۆن بێمەوە سەر هێڵی خۆم.

خوایە گیان

زانای بە نەزانین و گێلی و سەرەڕۆییم و کەچی سێوەری ڕەحمەت لەسەرم قەت نەڕەوی، ئەتەوێ ئەوە بگەیێنی تۆ بە هیچ شێوەیێ دەس لەمنی درووستکراوت هەڵناگری ،

خوایە گیان

زۆرم دین ماڵدار و بێماڵ، نەخۆش و کەلەلاو ساغ و بێ ئۆف، جوان چاک وقیت وقۆز، هاتن وەک سێڵاو بە هەڕەشەو گوڕەشە، نکاوێ خلار بوونەوە وناویان سڕایەوە لە نێو مێژوو.

خوایە گیان

ڕەمەزانەو مانگی گەرمەی خوڵکت، هاتووم، هەم تۆ شارەزای هەم من دەزانم چیم، کێت لە ماڵت هاویشتە دەر تامن ڕێ نەکەی و دڵم بشکێنی، تاوان تارای ڕەشی بە سەرچاوو دڵم داهێناوە، نابینم و هەست ناکەم کە تۆ کێی ومن کێم. هەر دێم ڕۆژێ لەبەر قاپیت دەکەوم، جا تۆو خواییت و من و کۆڵێ تاوان و خراپە.

خوایە گیان

زۆرت پێداوم قەت نەمزانی نەمزانی بیخۆم، لە کوێ خەبەرم دەبێتەوە تا بزانم منیش یەکێ لە دروست کراوەکانی تۆم.

خوایە گیان

لێم گەڕێ، با بە ئیشتیایی دڵ جیفڕک و قەڵمبازی دونیا دۆستی بدەم و لە لیتەی بۆگەنیوی ئێرە تا قوڕقوڕاچکەم ڕۆچم، بۆ کوێ دەچم؟ دوایین قۆناغم هاتنەوە بەرەولای حیساب ڕەسێ تۆو گۆڕێکی تەنگ وتارو بێ کەسەو غەریب.

خوایە گیان

بۆ کوێ چوون، ئەوانەی خۆشیان ویستم وخۆشم ویستن، وەک دایک وباب و دۆستانی گیانی گیانی؟ کەی یک دەگرینەوەو کێ یەکمان دەخاتەوە؟ بەکێ دەکرێ ئەو کۆبوونەوەیە جگە لەتۆی دەسەڵاتدار و بەتوانا؟ 

شەوی بیستی جۆزەردانی ساڵی نەود حەوتی هەتاوی

گوندی تاهیربوغە.

https://telegram.me/zhakav1