کەسیرە

من وتم ئەی شۆخەکەی دڵ کردەوەی زاڵم دەکەی

دانەخۆری بێ پەڕ و پۆی ناو خەت و خاڵم دەکەی

کۆترەکەی سەرما و کەسیرەم دێمە لای تینی لەشت

بۆ پەنا هێناومە هانا دەمگری باڵم دەکەی

بایەزید بی خێش

ڕەنگە ڕەنگاوی لە خوێن بێ کاڵ نەبێتۆ پەنجەکەت

با لە جەستەم خوێن بچۆڕێ تا لە ژین کاڵم دەکەی

پاسەوان و داوەڵی تۆم وا لە ناو کێڵگەی ئەوین

وەک دەواری شڕ لە بەر بام حەز لە ئەحواڵم دەکەی


دایبڕێژە نەخشی تاسە و یادگاری مەیلەکەت

بەو گڕەی کورەی ئەوینت ؛ئەو دەمەی قاڵم دەکەی

ڕەنگڕەز و ئوستادی وەک تۆی قەت نەدیوە بەختی من

بەو ڕەشی خاڵ و خەتی خۆت ڕەنگی ئێقباڵم دەکەی

دەست لە ڕێبازی ئەوینت بەر نەدەم ئەی شۆخی کورد

تا لە نێو چاڵی چەنەت دا بۆ ئەبەد چاڵم دەکەی

بێ‌خیش