گەزنە تەنز و نووسراوەکانی خاڵۆ ڕەئووف

(گۆشەی تەنزی هەفتەنامەی بەیان/17)
🔴 بانچاو ئاغەی ڕۆحانی!
حەسەن ڕۆحانی، لە کۆبوونەوەیەکدا فەرمووبووی، ئێوە ئەو هەموو گازندەیە لە دەوڵەت ئەکەن، خۆ حەرام نییە جارێکیش بە دەوڵەتدا هەڵبڵێن. ئەوەی ڕاستی بێ، زۆر گەڕام و بەندبێژێکم دەست نەکەوت ئەم ئەرکەی پێ بسپێرم. منی مزمەعیل، تەنها ئەم شتانەم دی بۆ پەسن و پێدا هەڵگوتنی دەوڵەت:
دەوڵەت هەر فرە خاسە
زۆر سپییە ئەم ماسە
هەرچی کا حەسەن بڵێ
ئەڵێی کەوانی ڕاسە!
وتم وەزع خراپە
خوت و خاڵییە کاسە
وتی بە سەد دانە ڕۆڕ
ئەبڕمەوە ئەم باسە!
کەچی لە کوردەواری
بژێو بووە بە تاسە
ئیتر کێش و سەروام لێ هاتۆتەوە یەک! ئەزانم ڕۆحانیش هەر وایە و لەبەر بەڵێنەکانی -کە نەیبردوونەتە سەر- کونەمشکی لێ بۆتە قەیسەری! وەلێ خوا هەڵناگرێ، هەموو سەرۆک کۆمارەکان، هەر وەک ئەو ئاوڕیان لە کوردەواری داوەتەوە و کەسیان لەو فرەتری نەکردووە، با گلەیی لێ نەکەین!
لێرەدا بڵاوکراوەتەوە:
هەفتەنامەی بەیانی، ساڵی یەکەم، ژمارەی تایبەتی نەورۆزی ۱۳۹٦
٭ گەزنە (تەنزخانەکەی خاڵۆ ڕەووف)
٭ لێرەوە ڕەخنە و پێشنیارەکانت بنێرە: