دەریای ئەوین : ناسر خزری [ ئاسنگەر ]
من لە ناو دەریای ئەوینت هەستی تەنیاییم ونە
وەک شەپۆلێ وێڵم و کەوتوومە سەر باڵی شنە
بەحری ئارامی دوو چاوت مەرهەمێکە بۆ دڵم
ئەی کە چۆن کەوتوومە ناو ئەو عەشقە قووڵ و بێ بنە
لێم گەڕی وەک جاری جاران بێمەوە ناو باوەشت
تێر بکەم بۆنی بەرۆک وگەردن و کوڵمی گەشت
من نە میوانێکی ناوەختم دە تۆش لێم دامەخە
پەنجەرەی جوان و ئەوینی بێ غەشی چاوی ڕەشت
پێم دەڵێن کێیە پەرێشانی ئەوی شەوگەردی مەست
کامە لێوەت گەستووە دێوانەی و خۆت داوە دەست
چی بڵێم سەرخۆشم و هەرچی بڵێم بێ سودە بۆت
چۆن بکەم مەدحی بوتێ بۆ عابدێکی خوا پەرەست
تۆ کە دەتفەرموو سەرەنجامی ئەو عەشقە کوشتنە
دوور لە تۆیی چرکەیەک بۆ من نەمان و مردنە
ئەی پەری زادەی خەیاڵم من کە بێ باکم لە مەرگ
پاشەڕۆژی ئەو ژیانە وەک خەزەڵ با بردنە
ئەو کلەی چاوت دەڕێژێ خۆڵەمێشی جەستەمە
دوور لە تۆیی بۆ منی وێران مەحاڵ و ئەستەمە
دیل و سەرخۆشی مەیی نابی دوو چاوی مەستی تۆم
ڕێبواری ڕێی ئەوینم، عاشقی ئەو هەستەمە
پاشی تۆ ئەو جێژوانە شوێنی گریانی منە
کار و پیشەم حەسرەت و ئەژنۆ دە باوەش گرتنە
لێم دەپرسێ دار و بەرد تەیر و گوڵ ڕووبار و چەم
بۆ بە تەنیای ئەی کوا ئەو کیژە جوانە شەرمنە؟
ئاسنگەر